بەرزخوێندنەوە تەنیا کاریگەری لەسەر زمان نابێت؛ ئەم چالاکییە سادەیە، هاوکات چەند ڕەهەند لە گەشەی منداڵ لەخۆ دەگرێت و بەرەوپێشی دەبات. کاتێک بەرزخوێندنەوە بۆ منداڵ ئەنجام دەدەین، مێشک، زمان و سەرنجدانی پێکەوە چالاک دەبن. بەم هۆیەوە توێژەران ئەم تەکنیکە بە کاریگەرترین ئەزموونی گەشەسەندن لە ساڵە سەرەتایییەکانی ژیاندا دەزانن.
گەشەی زمانی: لە بەرزخوێندنەوەدا، منداڵ لەگەڵ وشەگەلێک ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە لە قسەکردنی ڕۆژانەدا کەمتر دەبیسترێن. ئەم ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامە لەگەڵ زمانی دەوڵەمەند، وردەوردە پەرە بە گەنجینەی وشەیی منداڵ دەدات و تێگەیشتنی ئەو لە پێکهاتەی ڕستە و پەیوەندییە مانایییەکان بەهێز دەکات. منداڵ، پێش ئەوەی فێری خوێندنەوە بێت، لەگەڵ “لۆژیکی زمانی نووسین” ئاشنا دەبێت.
گەشەی سۆزداری و کۆمەڵایەتی: منداڵ لە ڕێگەی کەسایەتییەکانەوە، لەگەڵ هەستی جۆراوجۆر ڕووبەڕوو دەبێتەوە: ترس، شادی، تووڕەیی، خەم و هیوا. ئەو فێر دەبێت هەستەکان بناسێت، ناویان لێ بنێت و لە بەرامبەر ئەزموونی کەسانی دیکەدا کاردانەوەی هاوسۆزانەی هەبێت. بەرزخوێندنەوە، پرۆڤەیەکی ئارامە بۆ ئەزموونکردنی سۆزەکان.
گەشەی سەرنج و چڕبوونەوە: گوێگرتنی چالاک، لێهاتوویییەکی زگماکی نییە؛ لێهاتوویییەکە کە بە پرۆڤە و ڕاهێنان بەدەست دێت. بەرزخوێندنەوەی ڕێکوپێک، یارمەتیی منداڵ دەدات بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆرتر لەسەر گێڕانەوەیەک چڕ بێتەوە و شوێن ئاراستەی چیرۆک بکەوێت.
توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو منداڵانەی بە بەردەوامی بەرزخوێندنەوە ئەزموون دەکەن، لە سەردەمی قوتابخانەدا:
- بۆ نووسین و خوێندنەوە ئامادەترن.
- تێگەیشتنیان لە بابەتەکان بەهێزترە و باشتر لەگەڵ دەق پەیوەندی دەگرن.
ئێستا کە دەزانین بەرزخوێندنەوە کاریگەرییەکی ئاوەها قووڵی هەیە، لە پۆستی داهاتوودا ئەوە تاوتوێ دەکەین کە چۆن ئەم ئەزموونە بە دروستی و ئاگامەندانە دەست پێ بکەین.

