ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و فەرهەنگ ــ یونسکۆ ــ ڕۆژی ١٧ی خەرمانان، کە دەکاتە ٨ی ئەیلوول، بە ڕۆژی جیهانیی خوێندەواری ناوزەد کردووە.
یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان، ئەوەیە کە خەڵکی وڵاتەکە تا چەندە لە کەمترین ئاستی خوێندنەوە و نووسین بەهرەمەندن. بێگومان، بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری تەنها یەکەم هەنگاو لە پەرەپێدانی فەرهەنگی نییە؛ بەڵکوو لە بوارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانیشدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
پێناسەکانی خوێندەواری
پێناسەی یەکەم:
توانای خوێندنەوە و نووسین.
پێناسەی دووەم:
فێربوونی کۆمپیوتەر و زمانێکی بیانی لەگەڵ توانای خوێندنەوە و نووسین.
پێناسەی سێیەم:
زیادکردنی ١٢ جۆر خوێندەواری، کە هەر یەکەیان نوێنەرایەتییەکی جۆرە توانایەک دەکەن:
خوێندەواریی هەستی:
توانای دروستکردنی پەیوەندییەکی هەستیی تەندروست لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان.
خوێندەواریی پەیوەندی:
توانای پەیوەندیکردنی گونجاو لەگەڵ کەسانی دیکە و زانینی ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتی.
خوێندەواریی دارایی:
توانای بەڕێوەبردنی داراییی خێزان، زانینی شێوازەکانی پاشەکەوتکردن و هاوسەنگکردنی داهات و خەرجی.
خوێندەواریی میدیایی:
ئەوەی مرۆڤ بزانێت کام میدیا باوەڕپێکراوە و کامەیان باوەڕپێنەکراوە.
خوێندەواریی پەروەردەیی:
توانای پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوەیەکی دروست و شیاو.
خوێندەواریی کۆمپیوتەر:
زانینی تواناکانی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی کۆمپیوتەر.
خوێندەواریی تەندروستی:
زانینی زانیارییە گرنگەکان دەربارەی خواردنی تەندروست و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان.
خوێندەواریی ڕەگەزی و نەتەوەیی:
ناسینی ڕەگەز و نەتەوە جۆراوجۆرەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری.
خوێندەواریی ژینگەیی:
زانینی ڕێگا و شێوازەکانی پاراستنی ژینگە.
خوێندەواریی شیکاری:
توانای ناسینەوە، هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بیرۆکە و تیۆرییە جۆراوجۆرەکان، هەروەها دروستکردنی بەڵگە و استدلالی لۆژیکی بەبێ لایەنگری و پێشوەختەبیرکردن.
خوێندەواریی وزە:
توانای بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی وزە.
خوێندەواریی زانستی:
جگە لە خوێندەواریی ئەکادیمی، توانای گفتوگۆکردن یان چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێواز و ڕێگاکانی زانستی و ژیرانەی گونجاو.
نوێترین پێناسە:
زانست بە کردار مانا و بەها وەردەگرێت.

