بابەت

  • ٨ی ئەیلوول، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری پیرۆز بێت

    ٨ی ئەیلوول، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری پیرۆز بێت

    ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و فەرهەنگ ــ یونسکۆ ــ ڕۆژی ١٧ی خەرمانان، کە دەکاتە ٨ی ئەیلوول، بە ڕۆژی جیهانیی خوێندەواری ناوزەد کردووە.

    یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان، ئەوەیە کە خەڵکی وڵاتەکە تا چەندە لە کەمترین ئاستی خوێندنەوە و نووسین بەهرەمەندن. بێگومان، بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری تەنها یەکەم هەنگاو لە پەرەپێدانی فەرهەنگی نییە؛ بەڵکوو لە بوارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانیشدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

    پێناسەکانی خوێندەواری

    پێناسەی یەکەم:
    توانای خوێندنەوە و نووسین.

    پێناسەی دووەم:
    فێربوونی کۆمپیوتەر و زمانێکی بیانی لەگەڵ توانای خوێندنەوە و نووسین.

    پێناسەی سێیەم:
    زیادکردنی ١٢ جۆر خوێندەواری، کە هەر یەکەیان نوێنەرایەتییەکی جۆرە توانایەک دەکەن:

    خوێندەواریی هەستی:
    توانای دروستکردنی پەیوەندییەکی هەستیی تەندروست لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان.

    خوێندەواریی پەیوەندی:
    توانای پەیوەندیکردنی گونجاو لەگەڵ کەسانی دیکە و زانینی ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتی.

    خوێندەواریی دارایی:
    توانای بەڕێوەبردنی داراییی خێزان، زانینی شێوازەکانی پاشەکەوتکردن و هاوسەنگکردنی داهات و خەرجی.

    خوێندەواریی میدیایی:
    ئەوەی مرۆڤ بزانێت کام میدیا باوەڕپێکراوە و کامەیان باوەڕپێنەکراوە.

    خوێندەواریی پەروەردەیی:
    توانای پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوەیەکی دروست و شیاو.

    خوێندەواریی کۆمپیوتەر:
    زانینی تواناکانی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی کۆمپیوتەر.

    خوێندەواریی تەندروستی:
    زانینی زانیارییە گرنگەکان دەربارەی خواردنی تەندروست و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان.

    خوێندەواریی ڕەگەزی و نەتەوەیی:
    ناسینی ڕەگەز و نەتەوە جۆراوجۆرەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری.

    خوێندەواریی ژینگەیی:
    زانینی ڕێگا و شێوازەکانی پاراستنی ژینگە.

    خوێندەواریی شیکاری:
    توانای ناسینەوە، هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بیرۆکە و تیۆرییە جۆراوجۆرەکان، هەروەها دروستکردنی بەڵگە و استدلالی لۆژیکی بەبێ لایەنگری و پێشوەختەبیرکردن.

    خوێندەواریی وزە:
    توانای بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی وزە.

    خوێندەواریی زانستی:
    جگە لە خوێندەواریی ئەکادیمی، توانای گفتوگۆکردن یان چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێواز و ڕێگاکانی زانستی و ژیرانەی گونجاو.

    نوێترین پێناسە:
    زانست بە کردار مانا و بەها وەردەگرێت.

  • لە کاتی بەرزخوێندنەوەدا، دەنگی ئێوە گێڕانەوە دروست دەکات

    لە کاتی بەرزخوێندنەوەدا، دەنگی ئێوە گێڕانەوە دروست دەکات

    لە کاتی بەرزخوێندنەوەدا، دەنگی ئێوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ئەوە دەنگە کە دەق زیندوو دەکاتەوە و ئەزموونێکی ڕاستەقینە بۆ منداڵ بەرهەم دەهێنێت.

    • گۆڕینی ئاواز و دەنگ: کەسایەتییەکان و هەستەکان بەرجەستەتر دەکەنەوە.
    • وەستانی مانادار: دەرفەتی بیرکردنەوە و پێشبینیکردن بە منداڵ دەدەن.
    • پرسیارە چالاکەکان: منداڵ لە گوێگرێکی ناچالاکەوە دەکات بە بەشدار و هاوگفتوگۆ.
    • ئاماژە بە وێنەکان: پەیوەندیی نێوان دەق و وێنە بەهێز دەکات و تێگەیشتن لە چیرۆک قووڵتر دەکات.

    ئەگەر منداڵ قسەی کرد، پرسیاری کرد یان چیرۆکەکەی بڕی، ئەمە نیشانەی شکست نییە؛ بەڵکوو نیشانەی تێوەگلانی مێشک و بەشداریی چالاکانەی ئەوە.

    بەرزخوێندنەوەی باش، خێرا و بێ وەستان نییە. ئەم کارە دەبێت گفتوگۆ، نەرمی و هەستی لەگەڵدا بێت.

    ئەمە هێشتا نیوەی ڕێگایە! لە پۆستی داهاتوودا دەبینین چۆن پاش بەرزخوێندنەوە یارمەتیی منداڵ بدەین کە باشتر لەوەی فێری بووە تێبگات.

  • بۆچی بەرزخوێندنەوە کاریگەرترین ئەزموونی گەشەسەندنە؟

    بۆچی بەرزخوێندنەوە کاریگەرترین ئەزموونی گەشەسەندنە؟

    بەرزخوێندنەوە تەنیا کاریگەری لەسەر زمان نابێت؛ ئەم چالاکییە سادەیە، هاوکات چەند ڕەهەند لە گەشەی منداڵ لەخۆ دەگرێت و بەرەوپێشی دەبات. کاتێک بەرزخوێندنەوە بۆ منداڵ ئەنجام دەدەین، مێشک، زمان و سەرنجدانی پێکەوە چالاک دەبن. بەم هۆیەوە توێژەران ئەم تەکنیکە بە کاریگەرترین ئەزموونی گەشەسەندن لە ساڵە سەرەتایییەکانی ژیاندا دەزانن.

    گەشەی زمانی: لە بەرزخوێندنەوەدا، منداڵ لەگەڵ وشەگەلێک ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە لە قسەکردنی ڕۆژانەدا کەمتر دەبیسترێن. ئەم ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامە لەگەڵ زمانی دەوڵەمەند، وردەوردە پەرە بە گەنجینەی وشەیی منداڵ دەدات و تێگەیشتنی ئەو لە پێکهاتەی ڕستە و پەیوەندییە مانایییەکان بەهێز دەکات. منداڵ، پێش ئەوەی فێری خوێندنەوە بێت، لەگەڵ “لۆژیکی زمانی نووسین” ئاشنا دەبێت.

    گەشەی سۆزداری و کۆمەڵایەتی: منداڵ لە ڕێگەی کەسایەتییەکانەوە، لەگەڵ هەستی جۆراوجۆر ڕووبەڕوو دەبێتەوە: ترس، شادی، تووڕەیی، خەم و هیوا. ئەو فێر دەبێت هەستەکان بناسێت، ناویان لێ بنێت و لە بەرامبەر ئەزموونی کەسانی دیکەدا کاردانەوەی هاوسۆزانەی هەبێت. بەرزخوێندنەوە، پرۆڤەیەکی ئارامە بۆ ئەزموونکردنی سۆزەکان.

    گەشەی سەرنج و چڕبوونەوە: گوێگرتنی چالاک، لێهاتوویییەکی زگماکی نییە؛ لێهاتوویییەکە کە بە پرۆڤە و ڕاهێنان بەدەست دێت. بەرزخوێندنەوەی ڕێکوپێک، یارمەتیی منداڵ دەدات بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆرتر لەسەر گێڕانەوەیەک چڕ بێتەوە و شوێن ئاراستەی چیرۆک بکەوێت.

    توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو منداڵانەی بە بەردەوامی بەرزخوێندنەوە ئەزموون دەکەن، لە سەردەمی قوتابخانەدا:

    • بۆ نووسین و خوێندنەوە ئامادەترن.
    • تێگەیشتنیان لە بابەتەکان بەهێزترە و باشتر لەگەڵ دەق پەیوەندی دەگرن.

    ئێستا کە دەزانین بەرزخوێندنەوە کاریگەرییەکی ئاوەها قووڵی هەیە، لە پۆستی داهاتوودا ئەوە تاوتوێ دەکەین کە چۆن ئەم ئەزموونە بە دروستی و ئاگامەندانە دەست پێ بکەین.