ناردنی دەستنووس

سیاسەتی بڵاوکردنەوەی 49Books — پێوەرەکانمان لە وەرگرتن و هەڵسەنگاندنی بەرهەمی منداڵ و مێرمنداڵ، ڕێنمایی بۆ نووسەران.

چی بڵاو دەکەینەوە

49Books دوو جۆر کار وەردەگرێت:

  • چاپی یەکەمی بەرهەمی ئۆریجینال (ئەسڵی): بەرهەمی نوێ کە پێشتر لە هیچ شوێنێک بڵاو نەکراونەتەوە.
  • بڵاوکردنەوەی کتێبە بڵاوکراوەکان بە زمانی ئەسڵی، کە ئێمە بۆ سویدی و ئینگلیزی وەریدەگێڕین — بەو مەرجەی پێشتر بەو زمانانە بڵاو نەکرابێتەوە. ئەگەر وەرگێڕانەکە خودی نووسەر کردبێتی، ئێمە دیسان ئێدیتی دەکەینەوە. ئەو کتێبەی وەرگێڕانی سویدی یان ئینگلیزیی هەیە، لە بەرنامەی ئێمەدا نییە.
  • کتێبی منداڵ بە هەر زمانێک بڵاو دەکەینەوە. لەم بەرهەمانەدا نووسەر دەق و بیرۆکە دەهێنێت و وێنەکێشان و بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە لە ئەستۆی دەزگای بڵاوکردنەوەیە.

بنەمای هەڵسەنگاندنمان

هەر بەرهەمێک کە بۆمان دێت لەسەر پێنج تەوەر دەخوێنرێتەوە. ئەم تەوەرانە لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبیاتی منداڵ وەرگیراون و بنەمای کاری گروپی هەڵسەنگاندنمانن.

  • ئەدەبی — زمان، پلان، کارەکتەرسازی و ناوەڕۆک. زمان دەبێت سادە بێت بەڵام سادەبینانە نا. کارەکتەر دەبێت هەست، ئامانج و گۆڕانی هەبێت. ناوەڕۆک دەبێت لە دڵی ئەزموونی چیرۆکەکەوە دەربکەوێت، نەک لە زمانی ڕاویەوە.
  • دەروونی و پەرەسەندن — گونجان لەگەڵ جیهانی بیری و هەستیاریی گروپی تەمەن. بەرهەم دەبێت هەستی منداڵ بە جددی بگرێت و بە کەمی نەزانێت.
  • ئەخلاقی و کولتووری — نە ئامۆژگاری، نە سزا؛ دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوە. ڕێزگرتن لە جیاوازیی کولتوورەکان و دوورکەوتنەوە لە کارەکتەری کلیشەیی. کچان تەنیا ڕزگارکراو نەبن و کوڕان تەنیا پاڵەوان.
  • جوانناسی و وێنەکێشان — وێنە ڕاویەری دووەمی چیرۆکە، نەک ڕازاندنەوەی. وێنەی باش شتێک دەڵێت کە لە دەقدا نەهاتووە.
  • پەیوەندیی فۆرم و ناوەڕۆک — کتێبێک کە تەنیا جوانە و قسەی نییە، و کتێبێک کە قسەی هەیە بەڵام جێبەجێکردنی نییە، هەردووکیان لە هەڵسەنگاندنماندا لاوازن.

نۆ بەندی هەڵسەنگاندنمان

پێنج تەوەرەکەی سەرەوە کاتی خوێندنەوەی بەرهەم دەبنە ئەم نۆ بەندە. ئەمانە لیستی خاڵدان نین و ئێمە بە کتێب «٧ لە ٩» نادەین؛ بەرهەم جارێک دەخوێنرێتەوە و یەک حوکمی گشتی لەسەری دروست دەبێت، و ئەم بەندانە زمانی ئەو حوکمەن. بۆ نووسەریش باشترین بەکارهێنانیان هەر ئەمەیە: خوێندنەوەی دووبارەی بەرهەمی خۆی بەم نۆ پرسیارە.

  1. ئەسڵیبوون بەرامبەر بەرهەمهێنانی هاوچەرخ و ژانر. بەرهەم بەرامبەر ئەوەی ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە دەپێورێت، نەک لە بۆشاییدا.
  2. سەربەخۆیی لە جێبەجێکردن بەرامبەر ژانر. بەکارهێنانی قاڵبی ئاشنا کێشە نییە؛ بەکارهێنانی بەبێ زیادکردنی هیچ شتێک، خاڵ ناهێنێت.
  3. جوڵاندنی سنوورەکانی ژانر، فۆرم و ناوەڕۆک. قورسترین بەند. پرسیار لەسەر مەترسییە: شتێک لە فۆرم یان بابەتدا کە ئاسایی نییە.
  4. پەیوەستکردن و کاریگەرکردن لە ڕێگەی پەرداختنی قووڵ. پیشاندان لەبری ڕوونکردنەوە. هەست دەبێت لە دۆخ و ڕەفتارەوە دروست بێت، نەک ڕاپۆرت بکرێت.
  5. هەڵگیرساندنی حەز و پرسیار. هەم کێشانی ڕوایی، هەم پرسیارێک کە لە مێشکی منداڵدا دەکرێتەوە و کتێب پەلە ناکات بۆ داخستنی.
  6. مامەڵەی کراوە و پرسیارگەرانە و وێناکردنی ئاڵۆزی. لە کردەوەدا دیاریکەرترین بەند. ئایا بەرهەم متمانە بە خوێنەر دەکات یان ڕێنمایی دەکات.
  7. هاوهەڵکەوتنی دەق و وێنە. دووبارەکردنەوەی دەق لە وێنەدا خاڵی نەرێیە.
  8. بەشی وێنەکان لە قووڵکردنەوە. ئایا وێنە زانیاریی تازە دەدات.
  9. سەربەخۆیی و ئەسڵیبوونی وێنەکان. ئایا وێنەکێش زمانی بیناییِ خۆی هەیە.

دوو خاڵ کە نووسەران زۆرجار نایزانن

یەکەم، سێیەکی ئەم بەندانە پەیوەندییان بە وێنەکێشانەوە هەیە. کتێبێک بە دەقی باش و وێنەکێشانی لاواز، سێ بەند لە نۆ بەند لەدەست دەدات. لەبەر ئەمەیە کە وێنەکێشان لە کتێبی منداڵانی ئێمە لە ئەستۆی دەزگای بڵاوکردنەوەیە و بە سووکی وەرناگیرێت.

دووەم، جگە لەم نۆ بەندە، کوالیتیی تەکنیکیی کتێبیش دەپێوین: پەڕەڕازاندن، نموونەخوێندنەوە و ئێدیتی زمانی. دەقێک کە بە هەڵەی نووسینەوە دەگات، لە هەمان سەرەتاوە خاڵ لەدەست دەدات.

چۆن بەرهەم بنێرین

پێش ناردن، بەرهەمەکە جارێک بەم پێنج تەوەرە بخوێنەوە. ئەگەر لە بەندێکدا لاوازە، باشترە خۆت بزانیت لەوەی لە هەڵسەنگاندندا دەربکەوێت. بەرهەمەکان لەگەڵ ناساندنێکی کورتی بەرهەم، گروپی تەمەنی خوێنەر و زمانی بڵاوکردنەوە بنێرن.

فۆرمات: دەستنووسەکە بە فایلی Word (.docx) بنێرن. کاتی وەڵام: لە ماوەی سێ هەفتەدا وەڵامتان دەدەینەوە.

تێبینی: چونکە فۆرمەکە فایل باردەکات، گووگڵ داوای چوونەژوورەوە بە هەژماری گووگڵ دەکات. ئەگەر نەتانەوێت، دەتوانن دەستنووسەکە بە ئیمەیل بنێرن بۆ info@49hano.com.